🔥بەیاننامەی کۆمەڵەی سینەماکارانی سەربەخۆی کورد بە بۆنەی نەورۆز
لە دڵەوە هاتنی نەورۆزی ٢٧٢٦ی کوردی لە هەموو گەلی کورد، لە هەر شوێنێکی جیهاندا، پیرۆز دەکەین؛ نەورۆز تەنها دەستپێکی بەهار نییە، بەڵکوو دەرکەوتنی بەردەوامیی ژیان، هۆشیاری و خۆڕاگریی نەتەوەیەکە کە لە درێژایی مێژوودا هەمیشە لە ناو تاریکییەکانەوە رێگای بۆ رووناکی کردووەتەوە.

بەڵام ئەم پیرۆزباییە تێکەڵ بە خەمێکی قووڵە؛ کاتێک کوردانی رۆژهەڵاتی کوردستان، لە هەلومەرجێکی سەخت و پڕ لە ئاڵۆزی و لە ژێر سێبەری جەنگدا، بێبەش ماون لە بەڕێوەبردنی رێوڕەسمی شکۆمەندی نەورۆز ـ بە شێوەیەک کە شایستەی ئەم میراتە کۆن و شکۆدارە بێت ـ.
نەورۆز کە لە ساڵانی ڕابردوودا لە رۆژهەڵاتی کوردستان دەرکەوتەی خولیای شۆڕشگێڕانە، هاوپشتی نەتەوەیی و هاوارێکی بەرزی ئازادی بوو، ئەمڕۆ لە ژێر قورسایی سێبەری دیکتاتۆری و جەنگدا نوقم بووە و کەوتووەتە ناو بێدەنگییەکی تاڵ و کپ کراوە.
بەڵام ئاگری نەورۆز ناکوژێنرێتەوە؛ ئەم ئاگرە لە ناو دڵاندا زیندووە و لە یادی هاوبەشی گەلەکەماندا دەسووتێت، وەک نهێنییەکی پیرۆز کە پشتا و پشت گواستراوەتەوە و هەرگیز کز نەبووە.
ئەمڕۆ چاوی کوردانی پارچەکانی دیکەی کوردستان ـ باکور، باشور و رۆژئاوا ـ بۆ رۆژهەڵاتی کوردستان بڕاوە؛ لە سەر سبەینێک کە دەتوانێت دەستپێکی رزگاری و بەرەبەیانی ئازادی بێت.
بۆیە، ئەگەرچی سێبەری جەنگ دەرفەتی بەڕێوەبردنی شایستەی ئەم رێوڕەسمە شکۆمەندەی نەورۆزی لە کوردانی رۆژهەڵات وەرگرتووە، بەڵام داوا لە کوردانی پارچەکانی دیکەی کوردستان دەکەین کە ئەگەر دەرفەتیان بۆ رەخسا ئەم رێورەسمە دێرینە لە ژێر ناوی «نەورۆزی رۆژهەڵات» پیرۆز بگێڕن؛ تاکو ئەم هاودەنگییە ببێتە دەنگدانەوەی نەتەوەیەکی یەکگرتوو لەبەرامبەر ئازارێکی هاوبەش.
هەروەها داوا لە کوردانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکەین کە ئاگری نەورۆز لە دڵەکانیاندا؛ بە هاوارێکی پڕ لە هیوا، بە باوەڕ بە ئازادی و بە ئیرادەیەکی پتەو، هەتا رۆژی رزگاری زیندوو و بە تین رابگرن.
هیوادارین نەورۆزی ٢٧٢٦ی کوردی هاوکات بێت لەگەڵ کۆتایی ستەمکاری دژ بە نەتەوەکەمان و سەرکەوتن بێت بۆ رۆڵەکانی کاوە؛ سەرکەوتنێک کە تەنها رۆژهەڵات کوردستان نەگرێتەوە، بەڵکوو هەموو کوردستان بخاتە سەر رێگای ئازادی، کەرامەت و سەربەرزی.
هیوادارین کە لە دوا رۆژی ئازادیدا، لە نیشتمانێکی ئازاد و لە ئاسمانێک بە بێ سێبەری جەنگ، بە دوو هێندە، نەورۆز شکۆمەند بگێڕین؛ رۆژێک کە بەهار نەک تەنها لە سروشتدا، بەڵکوو لە چارەنووسی گەلی کوردیشدا گوڵ بدات.
کۆمەڵی سینەماکارانی سەربەخۆی کورد
